• 7 years ago
قایمقامی چەمچەماڵ: ئەوانەی لە کەرکووکەوە هاتوون مەبەستیان دەنگدان نییە
رەمەك رەمەزان، قایمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند، ئەو کەسانەی لە کەرکووکەوە هاتوونەتە چەمچەماڵ بۆ کاری خۆیان هاتوون نەک بەشداریکردن لە دەنگدان.

لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤاناندا لەبارەی ئەوەی ئەوانەی فۆڕمی خۆراکیان کەرکووکە و هاتوونەتە قەزاکە، قایمقامی چەمچەماڵ گوتی "ئەوەی خەڵکی سلێمانی نەبێت و ناوی لە تۆماری دەنگدەران نەبێ، بۆی نییە دەنگ بدات. بەڵام خەڵکی کەرکووک لێرە دەبینرێن هۆکار ئەوەیە چەمچەماڵ خۆی خراوەتە سەر سلێمانی و پێشتر قەزایەکی سەر بە کەرکووک بووە، هەندێک کەس لێرە خزم و کەسوکاری هەیە، لەوانەیە ئەم پرۆسەیە بە پیرۆز بزانێت بۆیە هاتبێتە ئەم شارە، ئەگەرنا هاتنیان بە مەبەستی دەنگدان نییە، چونکە رۆژانە هاتووچۆ لەنێوان کەرکووک و چەمچەماڵ هەیە. دەنگۆی ئەوەش هەبوو بازگەکان دابخرێن، لەوانەیە هەندێ کەس کاری هەبووبێ بۆیە ئەمڕۆ هاتووەتە چەمچەماڵ".

قایمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەکرد، هەندێک کەس کارتی نیشتمانی یان پاسپۆرتیان نییە، پێویستە ئەگەر ناسنامەیەکی دیکەی وەک رەگەزنامە یان ناسنامەی باری شارستانی پێبوو، کارمەندانی کۆمیسیۆن رێگەی پێبدەن دەنگ بدات.

رەمەك رەمەزان راشیگەیاند، هەندێک هاونیشتمانیی رەگەزنامەی عێراقی نییە، بۆیە ئەگەر بە ناسنامەی باری شارستانی دەنگ دەدات پێویستە رەگەزنامەی باوکی پێبێت.

لە چەمچەماڵ 61 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 33 بنکەی دەنگدان لە ناوەند و شارۆچکەکانی سەر بە قەزاکە کراونەتەوە.

Recommended